بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە واژۆکردنی دەقی لێکتێگەیشتنی ١٤ خاڵی نێوان ئێران و ئەمریکا، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان دوو وڵات دەستیپێکردووە؛ بابەتێک کە هەندێک لە شیکاران بە "گۆڕینی ئاراستە لە ڕووبەڕووبوونەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنترۆڵکراوی ناکۆکییەکان" وەسفی دەکەن.
ئەم بەڵگەنامەیە کە هێشتا جێبەجێ نەکراوە، وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی هەنگاو بە هەنگاوی پەیوەندییەکان لە بواری ئەمنی و ئابووری و سیاسیدا دادەنرێت نەک ڕێککەوتنی کۆتایی.
چوارچێوەیەک بۆ ڕاگرتنی گرژی، نەک کۆتایی هێنان بە ناکۆکی
بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی بڵاوکراوە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ١٤ خاڵی ناتوانرێت بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە یان پەیماننامەیەکی فەرمی ئاشتی هەژمار بکرێت.
ئەم بەڵگەنامەیە لە ڕاستیدا "نەخشەڕێگایەکی فرە هەنگاوییە" کە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییە ڕاستەوخۆکان و دروستکردنی سەکۆیەک بۆ دانوستانی فراوانتر لە داهاتوودا.
لەم چوارچێوەیەدا هەردوولا ڕێککەوتوون کە خۆیان لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دوور بکەونەوە و زنجیرە ڕێوشوێنی پلە بە پلە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە پەیڕەو بکەن.
ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە وەستاندنی هەندێک ململانێی سنووردار، دەستپێکردنی گفتوگۆی تەکنیکی و ئەمنی و پشکنینی ڕێگاکانی کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان.
بەڵام هێشتا پرسە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکە چارەسەرنەکراون.
پرسی ئەتۆمی ئێران، پێکهاتەی سزاکان، ناکۆکی ئاسایشی ناوچەکە و هەندێک بابەتی دارایی و ئابووری هێشتا لە دۆخی دانوستاندان و هیچ کامیان نەگەیشتوونەتە چارەسەری کۆتایی.
بەم پێیە نابێت یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ١٤ خاڵی وەک کۆتایی قەیرانێک سەیر بکرێت، بەڵکوو وەک سەرەتای پرۆسەیەکی ئاڵۆز و قۆناقبەندی سەیر بکرێت.
پێکهاتنی دوو گێڕانەوە لە کەشی نێودەوڵەتیدا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم یاداشتە، کەشی سیاسی و میدیایی نێودەوڵەتی شایەتی دروستبوونی تێڕوانینی جیاواز بوو. لە ڕاستیدا ئەم ڕێککەوتنە لەبری ئەوەی کۆدەنگی دروست بکات، دوو لێکدانەوەی جیاواز و هەندێکجار دژ بەیەک لەنێوان شرۆڤەکاران و میدیاکاندا دروستکرد.
لە هەندێک لە شیکارییەکانی ڕۆژئاوادا، ئەم ڕێککەوتنە وەک نیشانەی گۆڕانکاری لە ڕێباز لە سیاسەتەکانی زۆرترین فشاردا هەڵدەسەنگێندرێت؛ ڕێبازێک کە تیایدا لایەنەکان لەبری درێژەدان بە ڕێبازی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەرەو بەڕێوەبردنی گرژییەکان هەنگاویان ناوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت چوونە ناو چوارچێوەیەکی قۆناغبەندی بە نیشانەی ڕیالیزمی سیاسی و قبووڵکردنی سنوورداربوونی ئامرازەکانی فشار هەژمار بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە هەندێک ڕەوتی سیاسی لە ڕۆژئاوا بەتایبەتی لە نێو کۆنەپەرستان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا، ئەم ڕێککەوتنە بە ناتەواو بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕابردوو هەڵدەسەنگێنن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، نەگەیشتن بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕەفتاری ناوچەیی یان ئەتۆمی ئێراندا، ئەم ڕێککەوتنەی کردووە بە سازانێکی سنووردار و بێکاریگەر.
ئەم جیاوازییە لە تێڕوانینەکاندا ئەوە دەردەخات کە ڕێککەوتنی ئێستا زیاترە لە بەرهەمی کۆدەنگییەکی تەواو، دەرئەنجامی ڕێکخستنی چاوەڕوانییە سەرەتاییەکانە لە بەرامبەر واقیعە مەیدانییەکان.
پاشخانەکانی پێکهێنانی ڕێککەوتنەکە؛ لە زیادبوونی گرژییەکانەوە بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ
بۆ ئەوەی باشتر لەم یاداشتە تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارچێوەیەی کە تێیدا پێکهاتووە لە قۆناغی زیادبوونی گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لەم ماوەیەدا زنجیرەیەک گوشاری سیاسی، ئەمنی و ئابووری لە نێوان ئێران و ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان زیاتر بوو.
لە ژینگەیەکی ئاوادا، سیناریۆی جۆراوجۆر لە شیکارییە سیاسییەکاندا پێشنیار کرا؛ لە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانەوە تا زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی. بەڵام ڕەوتی پێشهاتەکان دەریخست کە بەدەستهێنانی ئەنجامی یەکلاکەرەوە لە ڕێگەی ئامرازەکانی فشارەوە ڕووبەڕووی ئاڵۆزی جددی دەبێتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا وردە وردە نیشانەکانی گۆڕانکاری لە ڕێبازدا بەدیکرا و ڕێبازی وتووێژە دیپلۆماسییەکان کاراکرایەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئاراستەدا، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بەهۆی تێکەڵبوونی هۆکارە ئەمنییەکان و ئابووری و ژێئۆپۆلەتیکیەکانەوە بوو کە تێچووی بەردەوامبوونی گرژییەکانیان بۆ هەردوولا زیاد کردبوو.
ڕۆڵی ڕەچاوکردنی ستراتیژی و ئابووری لە گۆڕینی حیساباتەکاندا
لەگەڵ بەردەوامبوونی گرژییەکان، چەندین هۆکاری سەرەکی ڕۆڵیان لە گۆڕینی حیساباتی لایەنەکاندا هەبوو. یەکەم: نیگەرانییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ململانێکان لە ناوچە هەستیارەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی وزە و ڕێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتی، لەوانەش گەرووی هورمز، وەک یەکێک لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان سەریهەڵدا.
دووەم: ئەزمونی مەیدانی دەریخست کە ئامرازە سەربازییەکان و زۆرترین فشار بە تەنیا توانای گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکانیان نییە و لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری قەیرانەکان.
سێیەم: هەندێک بابەتی ئابووری، لەوانەش سەروەت و سامانی بەستوو و دەرئەنجامەکانی سزاکان، جارێکی دیکە وەک میحوەرێکی گفتوگۆکردن هاتنە ناو کەشی دیپلۆماسییەوە.
کۆی ئەم هۆکارانە بووە هۆی ئەوەی کە ڕێڕەوی کارلێککردن، هەرچەندە سنووردار و قۆناغبەندی، جێگەی سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بگرێتەوە.
ئەنجام
بە لەبەرچاوگرتنی زنجیرە پێشهاتەکان دەتوانین بڵێین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا کە ١٤ خاڵی تێدایە، نە ڕێککەوتنی کۆتاییە، نە پەیماننامەیەکی هەمەلایەنەی ئاشتییە، نە کۆتایی هاتنی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئەم بەڵگەنامەیە دەبێ وەک سەرەتای "پرۆسەی بەڕێوەبردنی قەیرانی قۆناغبەندی" هەژمار بکرێت؛ پرۆسەیەک کە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ کارلێکی سنووردار و کۆنترۆڵکراو.
لەم چوارچێوەیەشدا جیاوازییە بنەڕەتییەکان هەر ماون، بەڵام فۆڕمی ڕووبەڕووبوونەوەیان گۆڕاوە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆوە بۆ بەڕێوەبردنی وردە وردە و دانوستانی قۆناغبەندی. لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئەوەی گرنگە تەنها ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نییە، بەڵکو ڕێبازی جێبەجێکردنی و ڕادەی پابەندبوونی لایەنەکانە بە هەنگاوەکانی داهاتوو. پێدەچێت پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا چووبێتە قۆناغێکەوە کە نە دەتوانین باسی کۆتایی قەیرانەکە بکەین و نە لە درێژەی تەواوەتی بارودۆخی ڕابردوو؛ بەڵکو پێویستە باس لە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ و ئاڵۆز بکەین لە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان.
Your Comment